Monday, September 16, 2013

یارمەتى دانى ئەوانى تر


دەروازە:
 هابیتات رێکخراوێکى نێودەولەتى مرۆیى بوارى نیشتەجێ بوونە، واتە رێکخراوێکى قازانج نەویستە بۆ یارمەتى دانى خەڵک، ئەوانەى پێویستیان بە شوێنى نیشتەجێ بوون هەیە. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵى 1976 دەستى بەکارەکانى کردووە، بە گوێرەى ئەو ڕێکخراوە خۆبەخشەکانى بوارى نیشتەجێ بوون زیاتر لە 100.000 خانوویان لە سەرانسەرى جیهان دروست کردووە. بەهەرحاڵ، لە ئێستادا زیاتر لە 1.5 ملیاریک و نیو خەڵکى لە تەواوى جیهاندا بێ شوێنى نیشتەجێ بوونى شایستەن. 
لەم بابەتەى خوارەوە ماریکۆ ئەسانۆ وەکو خۆبەخشێک باس لە شارەزایەکانى خۆى لەم بوارە دەکات. ماریکۆ سێ جار سەفەرى بۆ فلیپین کردووە، بۆ مەبەستى یارمەتى دان و دروست کردنى خانوو بۆ ئەو خەڵکانەى پێویستیان پێیە. 
من تەمەنم (24) ساڵانە و لە نیشینۆمیا لە وڵاتى یابان گەورە بوومە، چەند سالێک بەر لە ئێستا، وەکو خۆبەخشێکى بوارى نیشتەجى بوون سەردانى دوورگەى نیگرۆسم لە فلیپین کرد. ئەوە یەکەمین سەفەرم بوو لەو سێ سەفەرى وەک خۆبەخشێک بۆ فلیپین ئەنجامم دا. بیرۆکەى دروستکردنى خانوو بۆ خەڵک لە دەرەوەى وڵات جێگاى دڵ خۆشى من بوو. ساڵى دواتر وەکو خۆبەخشێک گەڕامەوە بۆ دورگەى نیگرۆس. سەرۆکایەتى گروپێکى 28 خوێندنکارى هاوپۆلم دەکرد لە زانکۆى کیۆتۆ بۆ خوێندنى پەیوەندى نێودەوڵەتى. 
هەر یەک لە خۆبەخش و خێزانانى دورگەى نیگرۆس بوونە هاوڕێى نزیکى یەکترى، لەو گروپەى کە من سەرپەرشتیم دەکرد. بینینى ئەو خەڵکانە جێگاى دڵخۆشى بوو بۆ هەریەک لە ئێمە، شێوازى ژیانى ئەوان مانا و بەهاى چەندان شتى گرنگى بەبیر ئێمە هێنایەوە لە ژیاندا. خەڵکى ئەوێ یارمەتى ئێمەیان دا،  لە هەمانکاتدا ڕێزى زۆریان بۆ شتە بەهادارەکانى ژیان دادەنا، وەکو بەسەربردنى کات لەگەڵ خێزان، هاوڕێ و دراوسێکانیان، هەروەها پەرەپێدانى پەیوەندى خزمایەتى، یارمەتى دانى یەکترى و ڕێزدانان بۆ ئەو شتانەى هەتە لە ژیان، ئەو شتانە زۆرجاران لەبیرکراون لە وڵاتانى پێشکەوتووى وەک یابان.
ئێمە وابیرمان دەکردەوە، کە هاتووین بۆ فلیپین بۆ یارمەتى دانى خەڵکى فلیپین، بەڵام ئەوان یارمەتى ئێمە دا بۆ بینینى چەندان شتى بەهادار، ئەوان زۆر بە بەخشندەیەوە خواردن، شوێن و سۆزیان پێشکەش کردین. کە ئێمە ڕانەهاتبووین بەوەى (حەز بکەین شوێنى نووستنمان بدەین بە کەسانى نامۆ و خۆمان لەسەر ئەرز بنووین لە ماڵى خۆمان). 
کاتێک سێیەمین سەفەرم وەکو خۆبەخشێکى هابیتات بۆ فلیپین ئەنجام دا، ئەرکەکانم لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکى گەنج لەسەرانسەرى جیهان ئەنجام دا لەوانە فلیپینى، ئەمریکى، هیندى، کۆرى و یابانى بوون. لە کۆتاڕۆژدا، هەموومان بەیەکەوە لە خانووێک کە بەماوەى  تەنها هەفتەیەک دروستمان کرد، وەستابووین. هەستێکى خۆشمان هەبوو بە تەواو بوونى. 
تاکو ئێستا پەیوەندى  هاوڕێیەتى لە نێوانماندا هەیە لە سەرانسەرى جیهان. بەشێک لە ئێمە بە شێوەیەکى چالاک بەشدارن لە دروست کردنى خانوو لە چەندان وڵاتى جیاواز. هابیتات خەڵکى کۆدەکردەوە و هاریکاریى ئێمەى دەکرد، بە جۆرێک لە تەواوى جیهان ئاگادارى یەکترین. هابیتات هەڵگرى پەیامێکى گرنگە، هەموومان دەتوانین ببین بە هاوڕێ. هابیتات بۆ هاریکاریى مرۆیى ژیانى ئێمە دەگۆڕێ، من ئەوە فێر بووم کە دەتوانین جیهانێکى نوێ و جیاواز دروست بکەین. 

نووسینى: Mariko Asano
وەرگێڕانى: بەکر ئیسماعیل گەردى
15/9/2013 یەکشەم/ هەولێر
  
  

No comments:

Post a Comment