Sunday, November 23, 2014

كوردێك ئەستێرەی گەشاوەی ناو كایەی سیاسەتە لە توركیا


پێنج ساڵ بەر لە ئێستا، سەلاحەددین دەمیرتاش ناوێكی دیار، پارێزەرێكی گەنج و داكۆكیكارێكی بوێری مافی مرۆڤ بوو لە توركیا. لە ساڵی 2006 سەرۆكایەتی لقی دیاربەكری كۆمەلەی مافی مرۆڤی توركیا (IHP)ی دەكرد. دوای دامەزراندنی پارتی ئاشتی و دیموكراسی (BDP) لە ساڵی 2010، كە خەباتی بۆ چەسپاندنی مافەكانی كورد دەكا، دەمیرتاش پەیوەندی بەو پارتەوە كردو بە هاوسەرۆكی پارتەكە هەڵبژێردرا.
زۆرێك لە چاودێران پارتی ئاشتی و دیموكراسی بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستانی (PKK) دەبینن لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە، بەجۆرێك دەڵێن پارتی ئاشتی و دیموكراسی نمایشكاری سیاسەتەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانە لە گۆڕەپانی سیاسی توركیا. وەك لای هەمووان زانراوە پارتی كرێكارانی كوردستان لە ساڵی 1984 دەستی داوەتە خەباتی چەكداری لە دژی حكومەتی توركیا.
لە ساڵی 2011، دەمیرتاش بۆ پەرلەمانی توركیا هەڵبژێردرا،  لە پاڵ رۆڵگێڕانی وەكو هاوسەرۆكی (BDP)، لە ساڵی 2012، دەمیرتاش هەنگاو بە هەنگاو هەوڵی كاراكردنی رۆلی پەرلەمانی دەدا بە تایبەتی لە مەسەلەی دەستپێشخەری سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد و گفتوگۆكردن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆكی بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (pkk)، لە رێگای هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەوالگری نەتەوەیی توركیا ناسراو بە (Mit). دەمیرتاش رۆڵێكی بەرچاوی بینی لە بەرەوپێش بردنی گفتوگۆكان و هەنگاونان بەرە چارەسەركردنی دۆزەكە.
لە بەرئەنجامی گفتوگۆكاندا حكومەت هەفتەی رابردوو پاكێجی چارەسەری ئاراستەی پەرلەمان كرد، ئەمە لە كاتێكدایە بڕیارە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی  سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە لە 10ی ئاب بەڕێوە بچێت.
دەمیرتاشی 41 ساڵ، گەنجێكی چالاكی ناو كایەی سیاسەتە لە توركیادا و ئێستا پالێوراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا و كێبڕكێ‌ لەگەڵ هەر یەك لە سەرۆك وەزیرانی ئێستای توركیا تەیب ئەردۆگان و ئەكمەلەدین ئیحسان ئۆغلۆ دەكات. ئەمەی دواتر پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا وەكو پارتی كۆماری توركیا (CHP) و پارتی نەتەوەپەرستی توركیا (MHP)، لە پال ئەمانەشدا چەند هێزێكی بچووكیش هەن پاڵپشتی دەكەن.
چاودێران وای دەبینن، ئەگەر هاتوو دەمیرتاش رێژەی 8-10% دەنگەكانی توركیا بەدەست بهێنێت، ئەوا بە سەركەوتنێكی گەورە بۆ دەمیرتاش هەژماردەكرێت. ئەمە لە كاتێكدایە، پارتی كۆنگرەی گەلان (HDP) و پارتی ئاشتی و دیموكراسی پاڵپشتی سەرەكی دەمیرتاشن لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی توركیادا.
لە دواین دیمانەی تەلەفزیۆنی لەگەڵ cnn تورك سەلاحەددین دەمیرتاش رایگەیاند، ئەو لەو باوەڕەدایە، لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا هیچ یەك لە پاڵێوراوەكان ناتوانن رێژەی دەنگی پێویست بە دەستبهێنن بۆ ئەوەی ببن بە سەرۆك كۆماری توركیا. هەروەها دەمیرتاش رایگەیاند پۆستی سەرۆك كۆمار لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكان یەكلادەبێتەوە، كە بڕیارە لە 24ی ئاب بەڕێوەبچێت.
بە گوێرەی یاسا، هەر پاڵێوراوێك توانی ڕێژەی 50+1 بەدەست بهێنێت لە خولی یەكەمی هەڵبژاردن، دەبێت بە سەرۆك كۆماری توركیا، بەڵام ئەگەر هیچ پاڵێوراوێك ڕێژەی دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا، ئەوا لە خولی دووەمی هەڵبژاردن پۆستی سەرۆك كۆمار بە زۆرینەی سادە یەكڵادەكرێتەوە.
هەر یەك لە ئەردۆگان و ئیحسان ئۆغلۆ پێش وەختە ڕایانگەیاندووە لە خولی یەكەمی هەڵبژاردندا دەتوانن ڕێژەی دەنگی پێویست بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی ببن بە سەرۆكی داهاتووی توركیا.
دەمیرتاش لەگەڵ cnn  گوتی، من ڕوانینی جیاوازم هەیە بۆ سیستەمی سیاسی لە توركیادا لەگەڵ هەریەك لە ئەردۆگان و ئیحسان ئۆغلۆ، دەمیرتاش گوتی من لەگەڵ كەمكردنەوەی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندم لە بەرانبەر بەهێزبوونی دەسەڵاتی هەرێمەكان. ئەمە لە كاتێكدایە ئەردۆگان جەخت لەسەر زیادكردنی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی دەكاتەوە. لە بەرانبەر هەردوو پاڵێوراوەكانی تر ئیحسان ئۆغلۆ رایگەیاندووە ئەو پاڵپشتی پەرلەمانێكی بەهێز دەكات، هەروەها چاودێری كردنی حكومەت و دادگاكان لەلایەن سەرۆكی دەوڵەت.
لە درێژەی چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵCnn Turk، دەمیرتاش لەوەڵامی پرسیار ئەوەی ئەگەر هاتوو لە هەڵبژاردنەكاندا سەرنەكەوت چی دەكات، لە وەڵامدا دەمیرتاش گوتی، بەهەموو توانای خۆی هەوڵ بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، ئازادی و بەرەوپێشبردنی دیموكراسی دەدات لە توركیا.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، دەمیرتاش گوتی: ئەو ئەم قسانە دەكات لەبەر ئەوە نییە كە پالێوراوی سەرۆكایتییە، بەڵكو ئەو چەندین ساڵ پێش ئێستاش ئەو قسانەی كردووە و لەسەر ئەو بنەمایش خۆم پاڵاوتووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هەوڵ بۆ بەدیهێنانیان دەدەم.
لە هەر بارێكدا بێت، ئەگەر دەمیرتاش سەركەوێت یاخود نا، ئەو بە دڵنیاییەوە خوێنێكی تازە و ئەستێرەیەكی گەشی ناو كایەی سیاسییە لە توركیا

سەرچاوە ڕۆژنامەی حوریەتی توركی.
www. Hurriyetdailynews.com        
                                                                  نووسینی: موراد یەتەكین

                                                  وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: بەكر ئیسماعیل وسو

No comments:

Post a Comment