Sunday, November 23, 2014

كوردێك ئەستێرەی گەشاوەی ناو كایەی سیاسەتە لە توركیا


پێنج ساڵ بەر لە ئێستا، سەلاحەددین دەمیرتاش ناوێكی دیار، پارێزەرێكی گەنج و داكۆكیكارێكی بوێری مافی مرۆڤ بوو لە توركیا. لە ساڵی 2006 سەرۆكایەتی لقی دیاربەكری كۆمەلەی مافی مرۆڤی توركیا (IHP)ی دەكرد. دوای دامەزراندنی پارتی ئاشتی و دیموكراسی (BDP) لە ساڵی 2010، كە خەباتی بۆ چەسپاندنی مافەكانی كورد دەكا، دەمیرتاش پەیوەندی بەو پارتەوە كردو بە هاوسەرۆكی پارتەكە هەڵبژێردرا.
زۆرێك لە چاودێران پارتی ئاشتی و دیموكراسی بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستانی (PKK) دەبینن لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە، بەجۆرێك دەڵێن پارتی ئاشتی و دیموكراسی نمایشكاری سیاسەتەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانە لە گۆڕەپانی سیاسی توركیا. وەك لای هەمووان زانراوە پارتی كرێكارانی كوردستان لە ساڵی 1984 دەستی داوەتە خەباتی چەكداری لە دژی حكومەتی توركیا.
لە ساڵی 2011، دەمیرتاش بۆ پەرلەمانی توركیا هەڵبژێردرا،  لە پاڵ رۆڵگێڕانی وەكو هاوسەرۆكی (BDP)، لە ساڵی 2012، دەمیرتاش هەنگاو بە هەنگاو هەوڵی كاراكردنی رۆلی پەرلەمانی دەدا بە تایبەتی لە مەسەلەی دەستپێشخەری سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد و گفتوگۆكردن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆكی بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (pkk)، لە رێگای هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەوالگری نەتەوەیی توركیا ناسراو بە (Mit). دەمیرتاش رۆڵێكی بەرچاوی بینی لە بەرەوپێش بردنی گفتوگۆكان و هەنگاونان بەرە چارەسەركردنی دۆزەكە.
لە بەرئەنجامی گفتوگۆكاندا حكومەت هەفتەی رابردوو پاكێجی چارەسەری ئاراستەی پەرلەمان كرد، ئەمە لە كاتێكدایە بڕیارە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی  سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە لە 10ی ئاب بەڕێوە بچێت.
دەمیرتاشی 41 ساڵ، گەنجێكی چالاكی ناو كایەی سیاسەتە لە توركیادا و ئێستا پالێوراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا و كێبڕكێ‌ لەگەڵ هەر یەك لە سەرۆك وەزیرانی ئێستای توركیا تەیب ئەردۆگان و ئەكمەلەدین ئیحسان ئۆغلۆ دەكات. ئەمەی دواتر پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا وەكو پارتی كۆماری توركیا (CHP) و پارتی نەتەوەپەرستی توركیا (MHP)، لە پال ئەمانەشدا چەند هێزێكی بچووكیش هەن پاڵپشتی دەكەن.
چاودێران وای دەبینن، ئەگەر هاتوو دەمیرتاش رێژەی 8-10% دەنگەكانی توركیا بەدەست بهێنێت، ئەوا بە سەركەوتنێكی گەورە بۆ دەمیرتاش هەژماردەكرێت. ئەمە لە كاتێكدایە، پارتی كۆنگرەی گەلان (HDP) و پارتی ئاشتی و دیموكراسی پاڵپشتی سەرەكی دەمیرتاشن لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی توركیادا.
لە دواین دیمانەی تەلەفزیۆنی لەگەڵ cnn تورك سەلاحەددین دەمیرتاش رایگەیاند، ئەو لەو باوەڕەدایە، لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا هیچ یەك لە پاڵێوراوەكان ناتوانن رێژەی دەنگی پێویست بە دەستبهێنن بۆ ئەوەی ببن بە سەرۆك كۆماری توركیا. هەروەها دەمیرتاش رایگەیاند پۆستی سەرۆك كۆمار لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكان یەكلادەبێتەوە، كە بڕیارە لە 24ی ئاب بەڕێوەبچێت.
بە گوێرەی یاسا، هەر پاڵێوراوێك توانی ڕێژەی 50+1 بەدەست بهێنێت لە خولی یەكەمی هەڵبژاردن، دەبێت بە سەرۆك كۆماری توركیا، بەڵام ئەگەر هیچ پاڵێوراوێك ڕێژەی دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا، ئەوا لە خولی دووەمی هەڵبژاردن پۆستی سەرۆك كۆمار بە زۆرینەی سادە یەكڵادەكرێتەوە.
هەر یەك لە ئەردۆگان و ئیحسان ئۆغلۆ پێش وەختە ڕایانگەیاندووە لە خولی یەكەمی هەڵبژاردندا دەتوانن ڕێژەی دەنگی پێویست بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی ببن بە سەرۆكی داهاتووی توركیا.
دەمیرتاش لەگەڵ cnn  گوتی، من ڕوانینی جیاوازم هەیە بۆ سیستەمی سیاسی لە توركیادا لەگەڵ هەریەك لە ئەردۆگان و ئیحسان ئۆغلۆ، دەمیرتاش گوتی من لەگەڵ كەمكردنەوەی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندم لە بەرانبەر بەهێزبوونی دەسەڵاتی هەرێمەكان. ئەمە لە كاتێكدایە ئەردۆگان جەخت لەسەر زیادكردنی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی دەكاتەوە. لە بەرانبەر هەردوو پاڵێوراوەكانی تر ئیحسان ئۆغلۆ رایگەیاندووە ئەو پاڵپشتی پەرلەمانێكی بەهێز دەكات، هەروەها چاودێری كردنی حكومەت و دادگاكان لەلایەن سەرۆكی دەوڵەت.
لە درێژەی چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵCnn Turk، دەمیرتاش لەوەڵامی پرسیار ئەوەی ئەگەر هاتوو لە هەڵبژاردنەكاندا سەرنەكەوت چی دەكات، لە وەڵامدا دەمیرتاش گوتی، بەهەموو توانای خۆی هەوڵ بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، ئازادی و بەرەوپێشبردنی دیموكراسی دەدات لە توركیا.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، دەمیرتاش گوتی: ئەو ئەم قسانە دەكات لەبەر ئەوە نییە كە پالێوراوی سەرۆكایتییە، بەڵكو ئەو چەندین ساڵ پێش ئێستاش ئەو قسانەی كردووە و لەسەر ئەو بنەمایش خۆم پاڵاوتووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هەوڵ بۆ بەدیهێنانیان دەدەم.
لە هەر بارێكدا بێت، ئەگەر دەمیرتاش سەركەوێت یاخود نا، ئەو بە دڵنیاییەوە خوێنێكی تازە و ئەستێرەیەكی گەشی ناو كایەی سیاسییە لە توركیا

سەرچاوە ڕۆژنامەی حوریەتی توركی.
www. Hurriyetdailynews.com        
                                                                  نووسینی: موراد یەتەكین

                                                  وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: بەكر ئیسماعیل وسو

Tuesday, November 11, 2014

ئێوارە هاوڕێیەكی هۆلەندیم دەیگووت "

 سەرەتای شارستانیەت و پێشكەوتن لێرەوە سەری هەڵدا.واتە لە خۆرهەلاتی ناوەڕاست، دەیگووت ئێرە لانكەی گەشانەوەی ژیان بوو، خۆرئاوا بەتایبەتی ئەوروپا لەسەر بەرهەمی ئێرە گەشەی كردووە. دەیگووت لێرەوە تیشكی رووناكی گەیشتەوە بە خۆرئاوا. دەیگووت ئێستا چی، هەر لێرەوە ئێستا خەریكە بەرهەمی هەموو مرۆڤایەتی لەسەر دەستی ئێوە (داعش) لەناوبچێت. ئەو زیاتر روونی كردەوە و ووتی ئێوە خەریكە كۆپی بەرهەمەكانی ئەوروپا دەكەن، كە لە ئەسلدا هی خۆتانە. هەروەها ئەوەشی ووت كە ئێوە وازتان لە رابردووی خۆتان هێناوە، هەموو سەرچاوەكانتان بەلاناوە تەنیا یەك سەرچاوەتان لە باوەش گرتووە. ئەوەش هۆكاری ئەو نەهامەتیانەیە كە بەسەر ئێوە دێت".

Thursday, July 10, 2014

وەڵامێك بۆ بەڕێز رێبوار سیوەیلی


لە ژمارە (193) هەفتەنامەی باس لە رۆژی (10/6/2014)دا، بەڕێز رێبوار سیوەیلی بابەتێكی بە ناونیشانی ئەوروپییەكانی كوردستان، پەروەردە و تەندروستی بلاوكردۆتەوە، كە تێیدا چەندین رەخنەی نا ڕەوا و دوور بەدوور لە ئەوروپیەكانی نیشتەجێی كوردستان دەگرێت. 
نووسەر لە سەرەتای بابەتەكیدا هێرشێكی توند دەكاتە سەر ئەو بیانیانەی لە كوردستان نیشتەجێن، بە خەم سارد لە ئاست فیربوونی زمانی كوردی لە قەلەمیان دەدات، نووسەر لە درێژەی باسەكەیدا باس لە لاوازی تێكەڵاوی ئەوروپیەكان دەكات لەگەڵ كوردان ئەوەش بۆ نەزانی زمانی كوردی دەگەڕێنێتەوە بە بڕوای نووسەر زمان هۆكاری سەرەكی تێكەڵاویە لە نێوان نەتەوە جیاوازەكان. من دەتوانم بڵێم بەڕێز سیوەیلی بێ‌ ئاگایە لە هەول و تێكوشانی ئەوروپیەكان بۆ فیربوونی زمانی كوردی، بەو پێیەی من دوای دەوامی فەرمی خۆم مامۆستای زمانی كوردیم خەڵكی بیانی فیری زمانی كوردی دەكەم، بۆیە دەزانم ئەوان چەندە بە پەرۆشن بۆ فیربوونی زمانی كوردی، بەڵام دەبێت بەڕێز سیوەیلی دان بەو ڕاستیەش بنێت كە لاوازی رۆشنبیران و مامۆستایانی زانكۆیە لە كوردستان كە تاكو ئێستا نەیانتوانیوە پرۆگرامێكی گونجاو دابنێن و هاوكاری ئەوروپیەكان بێت بۆ فێربوونی زمانی كوردی. لێرەدا دەمەوێت نموونەیەك بهێنەمەوە خاتوونێكی ئەمریكی بە ڕەچەلەك كۆری توانیویەتی كتێبێكی زۆرباش دەربكات لەسەر ڕێزمانی كوردی، تاكو ئێستا هیچ كوردێك نەیتوانیوە كارێكی لەم شێوەیە ئەنجام بدات. كاتێك كەسێكی بیانی بتوانێت ئەمە بكات ئەی بە ناو مامۆستایانی زانكۆ و رۆشنبیرانی ئێمە توانیویانە چی بكەن.
لە خالێكی دیكەی بابەتەكەدا نووسەر ئاماژە بە لەخۆبای ئەوروپیەكان نیشتەجێ‌ كوردستان دەكات. بەجۆرێك دەلێت ئەوان بەهاكانی مرۆڤ دۆستی و ژینگە پارێزیان تێدا بەدی ناكرێت، لە كتێكدا ساڵانێكی زۆر خەباتیان بۆ دەهێنان و چەسپاندنی ئەو بەهایانە كردووە لە وڵاتەكانی خۆیان. دەتوانین بڵێن بەڕێز سیوەیلی لەمەشدا كەوتووەتە هەڵەیەكی گەورەوە و بێ‌ ئاگا لە هەوڵ و ماندووبوونی ئەوروپییەكانی نیشتەجێ‌ی كوردستان كە چەندین چالاكیی خێرخوازی ئەنجام دەدەن و هاوكاری هەتیوخانەكانی سلێمانی و هەولێر دەكەن، لە پێش رۆژەكانی چەژنەكانی رەمەزان و قوربان ئێمەی كورد خەریكی كڕینی پێداویستیە نا پێویستیەكانین، ئەوان پێداویستیەكانی هەژارترین توێژی كۆمەڵگا دابین دەكەن، ئەویش هیوخانەكانن لە كوردستان. هەروەها لە بارەی پاراستنی ژینگە چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن و هەوڵ بۆ پاكردنەوەی شوێنەكان دەدەن.
وا باشترە ئاماژەیەكی بچوك بە ناونیشانی بابەتەكەی بەڕێز سیوەیلی بدەین كە نووسیوویەتی ئەوروپیەكانی كوردستان. بەبڕوای من ئەم ناونیشانە تا سەر ئێسقان هەڵەیە چونكو ئەوانە هەڵگری ڕەگەزنامەی كوردی یان كوردستانی نین تاكو بڵێین ئەوروپییەكانی كوردستان، چونكو كوردستان تا ئێستا دەوڵەت نیە، وا باشترە بگوترێت ئەوروپیەكانی نیشتەجێی كوردستان. بەڵام هەر كاتێك بووین بە دەوڵەت توانیمان ڕەگەزنامەی كوردی ببەخشین بە كەسانی بیانی ئەو كاتە دەتوانیین بلێین ئەوروپیەكانی كوردستان، وەكو نموونەی ئەفریقی - ئەمریكی یان ئەوروپی - ئەمریكی.
لە كۆتایدا دەبێت ئێمە لەوە تێبگەین و دان بەو ڕاستیەدا بنێین، بەشی هەرە زۆری بیانیەكان بۆ كاركردن و دەستەبەركردنی ژیانێكی خۆشگوزەرانتر وڵاتەكانی خۆیان جێهێشتووە و لە كوردستان كاردەكەن. بوونی ئەوان گرنگە بۆ كوردستان چونكو ئەوان شارەزایەكی باشی كاركردنیان هەیە بە تایبەتی لەسێتەری نەوت، پێویستیشە ئێمەی كورد سود لە ئەزمون شارەزایەكانی ئەوان وەربگرین. بۆ ئەوەی لە داهاتوو زیاتر و زیاتر لەسەر پێی خۆمان بوەستین.

Bakir Ismail
24/6/2014

دوێنێ‌ توێژینەوەیەكی زانیستیم بە زمانی ئینگلیزی بینی

دوێنێ‌ توێژینەوەیەكی زانیستیم بە زمانی ئینگلیزی بینی، هی یەكێك لە پرۆفیسۆرەكانی زمانی ئینگلیزی زانكۆی سلاحەددین بوو، بەڕاستی كەسێك كە تازە فێری زمانی ئینگلیزی دەبێت باشتر و جوانتر دەینووسێت. گرامەریان زۆری هەڵە بوو، لە ڕووی شێوازی دارشتن و نووسینی زمانی ئینگلیزی هەڵەی زۆر بوو، سەرەڕای ئەوەش سپێلی هەر لێگەرێ‌، جا چۆن چۆنی پڕۆفیسۆرە ئەوەیان نازانم. هەر چەند من خۆم لەو ئاستە نابینم كە ڕەخنە بگرم بە هۆی ئەوەی دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزی نیم، بەڵام بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت خەریكی خوێندنی ئینگلیزیم بۆیە كەمێكی لئ دەزانم